ڕاستەوخۆ

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رێنمایی بەپەلە بڵاودەکاتەوە

reset font size increase font size

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نێوان 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیەدا هەوری کەڵەکەبوو دەردەکەوێت، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجین و خنکانی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکاندا، بۆ ئەم مەبەستەش چەند رێنماییەکی گرنگی بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتیان بڵاوکردووەتەوە.

بەرگریی شارستانی داوا لە شۆفێران دەکات چەرخ، عەتر، پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، خواردنەوە گازییەکان و ئەو سپرایانەی پەستانیان بەرزە و لەگەڵ گەرمادا زوو گڕ دەگرن لە ناو ئۆتۆمبێلدا جێنەهێڵن، لە هەمان کاتدا وا باشترە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکان بە بڕی یەک سانتیمەتر بە کراوەیی بهێڵنەوە، تانکی بەنزین بە تەواوی پڕ نەکەن، تایەکان لە رادەی پێویست زیاتر با نەدەن، و زیاتر لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا بەنزین بکەنە ئۆتۆمبێلەکانیان و لە بەیانیان و نیوەڕواندا گەشت نەکەن.

راگەیەندراوەکە هۆشداریش دەدات لە دەرکەوتنی مار و دووپشک، کە بەهۆی گەرمای تووندەوە لە کونەکانیان دێنە دەرەوە و روودەکەنە کێڵگە، باخچە و ناو ماڵەکان، هەروەها داوا دەکات هاووڵاتیان بە شێوەیەکی بەردەوام ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە، دڵنیابن لەوەی بتڵی گازی ماڵەوە لەژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا نییە، ئاگاداری لۆدی سەر پێوەرەکانی کارەبا بن و ساردکەرەوەکان تەنیا لەو ژوورانەدا دابگیرسێنن کە خێزانی لێیە و بە هیچ شێوەیەک لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 15:00ـی دوای نیوەڕۆ لەبەر تیشکی راستەوخۆی خۆردا نەمێننەوە.

موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر جەختی لە گرنگیی پابەندبوونی هەمووان بەم رێنماییانە کردەوە بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان و شۆفێران و ئاشکرای کرد، تەنیا لەمساڵدا بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەم رێنماییانە و بەکارهێنانی بەنزینی خراپەوە، 64 ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای هەولێر سووتاون.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.