ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ هۆڵی ڤێر، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ی عێراق، لەسەر بنەمای دەستوور و داتاکانی سەرژمێریی گشتی.
وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە، مسۆگەرکردنی موچەی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانیانە و داوای کرد حکومەتی فیدراڵ موچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق لە خەرجیی کرداری دەربهێنێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵی تەواو دراوە سەرجەم ئەو پاساوانە بنبڕ بکرێن کە لە ساڵانی رابردوودا لەسەر لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، داهاتی ناوخۆ و پرۆسەی وردبینی هەبوون.
ئاوات شێخ جەناب ئاشکرای کرد، لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن تاوەکو لە نزیکترین کاتدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە کار، بۆ ئەوەی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانان لاببرێن و کێشەی باج چارەسەر بکرێت.