ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، لە میانی بەشدارییکردنی لە دانیشتنی سەرەکیی لووتکەی ڕاگەیاندنی عەرەبی لە دوبەی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دوای هەڵگرتنی سزاکان لەدایکبووەتەوە و لە سەرچاوەی کێشە و ناسەقامگیرییەوە بووەتە دەرفەتێکی مەزن لەسەر ئاستی ناوچەکە.
سەرۆکی کاتیی سوریا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی کاری جدی دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی خۆی و دامەزراوەکانی، بە تایبەت دوای ئەوەی لە دەستپێکەری ئاڵۆزی و ناردنەدەرەوەی کەپتاگۆنەوە گۆڕدراوە بۆ بنکەیەکی سەقامگیری. سەرۆکی کاتی سوریا جەختیشی کردەوە، بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەنداوی و ئەوروپی هەوڵ دەدەن هەنگاوی زیاتر بەرەو ئاوەدانکردنەوەی زیاتری وڵاتەکەیان بنێن.
ئەم قسانەی سەرۆکی کاتیی سوریا دوای زنجیرەیەک بڕیاری نێودەوڵەتی دێن، لەوانە کۆتاییپێهێنانی بەرنامەی سزاکانی ئەمریکا لە تەمووزی 2025، سڕینەوەی ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر لە ئابی رابردوو و هەروەها بڕیاری کۆمکاری عەرەبی لە ئەیلولدا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر دەوڵەت و دامەزراوەکانی سوریا.