سوریا بۆ یەکەمجار لە دوای قەیرانی ساڵی 2011 و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ توانی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی گەنم ڕابگەیەنێت و بڕی گەنمی ڕادەستکراو بە حکومەتی وڵاتهكه لە ئاستی پێداویستیی ساڵانە تێپەڕی.
حکومەتی سوریا ڕایگەیاندووه، دوو ملیۆن و 700 هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی پارێزگا جیاوازەکان وەرگرتووە، لە کاتێکدا پێداویستی ساڵانەی وڵاتەکە بە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن مەزەندە کرابوو، بەمەش چیتر وڵاتەکە گەنم هاورده ناكات.
پێش سەرهەڵدانی قەیرانی ساڵی 2011، سوریا ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەم دەهێنا و خاوەنی خۆبژێوی بوو، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ململانێکان و وشکەساڵییە بەردوامەکانەوە، بەرهەمهێنانەکە بۆ چەندین ساڵ دابەزی و ناچار بوو پشت بە هاوردەکردن ببەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی.