ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە دۆڵی روستێی سنووری گوندی گرتک سەر بە ناوچەی باڵەکایەتی لە ئیدارەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران لە لێدوانێکدا بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند، ڕووداوەکە دەوروبەری کاتژمێر هەشتی ئەمشەو ڕووی داوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست. بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبێلەکە هەشت سەرنشینی هەڵگرتبوو کە ئەندامی یەک خێزانن و بە مەبەستی کاری کشتوکاڵی لەو ناوچەیە بوون.
لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا دوو کەس لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە. هەروەها شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی دووانیان سەختە و سەرجەمیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە شاری سۆران.
لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێکارە یاساییەکان گیراونەتەبەر و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.