لە قرچەی گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا، گرفتی کەمیی ئاو جارێکی دیکە بەرۆکی بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی سلێمانی گرتووەتەوە. بە جۆرێک لە هەندێک گەڕەکدا تەنها هەشت ڕۆژ جارێک ئاو بۆ هاووڵاتییان بەردەدرێتەوە، و بە ناچاری بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان پەنا بۆ کڕینی ئاوی تەنکەر دەبەن.
کڕینی ئاو بە تەنکەر بووەتە بارگرانییەکی قورسی دارایی بۆ سەر دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، بە جۆرێک هاووڵاتییان دەڵێن هێندە دۆخیان خراپە، تەنانەت ناتوانن فێنککەرەوەکانیش لەم گەرمایەدا دابگیرسێنن و ناچارن بە قەرز ئاو دابین بکەن.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە ڕایگەیاند کە بۆ ئەم مەبەستە ٣ پەمپی ئاویان لە دوکان داناوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە چارەسەرێکی هەمیشەیی نییە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ١٥٪ـی گەڕەکەکانی سلێمانی هێشتا تۆڕی ئاویان بۆ نەبەستراوە و ناچارن ئاو بکڕن. هاوکات لە یەک ڕۆژدا شاری سلێمانی پێویستی بە ٤٥٠ هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، کەچی تەنها نیوەی ئەو ڕێژەیە دابین دەکرێت و شارەکە رووبەڕووی کورتهێنانی گەورە بووەتەوە.