٦١ پارێزەر لە سلێمانی یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوە و داواکاری گشتی کرد و تێیدا داوا دەکەن ژمارەی ئەو هێزە ئەمنیانە کەمبکرێنەوە کە لە ڕۆژانی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەبرێنە دەوروبەری باڵەخانەی دادگا.
لە یاداشتەکەدا هاتووە کە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی لە دەوروبەری دادگا، ڕێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتییان و پارێزەران دەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەڕێوەچوونی ئاسایی پرۆسەی دادگاییکردن دەبێت.
پارێزەران جەخت دەکەنەوە کە دروستبوونی کەشوهەوای سەربازی، ئامادەبوونی شاهیدەکان و ئاسانکاریی کاری دادوەری تووشی ئاستەنگ دەکات و بەمەش زەمینەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە پەکدەخات، بۆیە داوا دەکەن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و مافی هاووڵاتیان، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە بکرێت.