لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی، کە دوای کارەکانی لیژنە لە پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە، چاوەڕوانییەکان بۆ دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینەوە بەردەوامن، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سووربوونی خۆی لەسەر دەرکردنی ئەم یاسایە پێش دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان دووپات دەکاتەوە.
زانیاری ئەوە بڵاوکرابووەوە، کە پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لە دەم پارتی، ئەمڕۆ دیدارێک لەگەڵ ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و نعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەنجام دەدەن، بەڵام هیچ دیدارێک بەڕێوە نەچوو.
دوای تەواوبوونی بەرنامەی تایبەت بە یادی 15ی تەممووز لە پەرلەمان، پەروین بوڵدان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە کاتی ئەنجامدانی دیدارەکە ڕایگەیاند، هێشتا نازانن و چاوەڕوانی هەواڵ دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە پەرلەمانن و هەر کاتێک بانگهێشت بکرێن بۆ دیدارەکە دەچن.