دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، توانیویەتی پرۆسەی فرۆشتنی موڵکێکی گەورەی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار ڕاگرێت و ڕێگری لە زیانگەییشتنێکی گەورە بە سامانی گشتی بکات.
موڵکەکە کە ڕووبەرەکەی ٥٥٠ دۆنم (١.٣٧ ملیۆن مەتر چوارگۆشە)یە و لە شاری ڕومادی پایتەختی پارێزگاکەیە، بە بڕی ١٣.٧٥ ملیار دینار فرۆشرا بوو. بەڵام لێکۆڵەرانی دەستەکە نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکەیان بە ٣٣ ملیار دینار خەمڵاندبوو، بەمەش ڕێگری لە فەوتانی ١٩.٢٥ ملیار دینار (نزیکەی ١٤.٦ ملیۆن دۆلار) لە سەروەت و سامانی گشتی کرا.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوان و بەهێزی دەزگا چاودێرییە فیدراڵییەکاندا دێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی نیاسایی زەوییەکانی دەوڵەت و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی لە سەرانسەری عێراقدا.