هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەشت کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستبەسەر کردووە، هاوکات باس لە دەستبەسەرکردنی گرووپێکی بیانی لە پارێزگای خوزستان دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەرانا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئیران، دەزگای ئیتلاعاتی ئێران لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەشت کەسی بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ گروپە دژبەرەکان و میدیاکانی دەرەوەی وڵات و هەروەها تۆمەتی ئەندامبوون لە دەزگای هەواڵگریی مۆساد دەستگیرکردووە.
تا ئێستا ناسنامە و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هەشت کەسە ئاشکرا نەکراوە.
هاوکات دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، چەند کەسێکی بیانی کە بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە ناو خاکی ئێران، لەلایەن ئیتلاعاتی وەلیعەسری پارێزگای خوزستان دەستگیرکراون.
لەم پەیوەندییەشدا تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێک لە بارەی تۆمەت و شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسانە بڵاونەکراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دوابەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەستییان بە شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن و هەروەها سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکانی ناوخۆی ئێران کردووە.
ڕیکخراو و ناوەندەکانی چاودێریی مافی مرۆڤ، ئەم هەوڵەی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە پێشێڵکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ پێناسە دەکەن.