لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کار بۆ هەموارکردنی یاسای هاتوچۆ دەکات و پێشنیازێکی نوێی خستووەتە ڕوو تاوەکو ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل تاوەکو ڕێژەی 30% بێ بەرامبەر بێت، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ شۆفێران.
بەگوێرەی یاسای هاتوچۆی ژمارە 8ـی ساڵی 2019ی عێراق، ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل بە گشتی قەدەغەیە و شۆفێران ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە، مەگەر مۆڵەتی فەرمییان هەبێت یان ئۆتۆمبێلەکە حکومی و تایبەت بێت.
یاسر ئەسکەندەر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕایگەیاند، هەموارکردنی یاساکە بەردەوامە و 40%ی بڕگەکانی تەواو بوون.
هەروەها جەختی کردەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی ڕەشکردنی جام تاوەکو 30% بەخۆڕایی بێت، بەڵام بۆ ڕێژەی زیاتر ڕسومات وەردەگیرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە گۆڕانکارییەکان سزاکانی دارایی، مۆڵەت و ساڵنامەش دەگرنەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی مەیدانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەکەن تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدەن.