وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند کە ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی ٣٥٠ ملیار دیناری دیکە لە شایستە داراییەکانی جوتیاران وەرگرتووە، و ئەم بڕە پارەیە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
محەمەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی کردن تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکانی جوتیاران بە تەواوی خەرج دەکرێن.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە پاراستنی مافی جوتیاران ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە و حکومەت کار بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن و بەدیهێنانی خۆبژێوی دەکات.