ڕاستەوخۆ

عێراق سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش تۆمەتاری داعشدا دەسەپێنێت؛ لەنێویاندا "والی ئەنبار" هەیە

reset font size increase font size

ڕۆژی چوارشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر شەش ئەندامی پێشبینیکراوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا سەپاند، کە لەنێویاندا کەسێک هەیە بە ناوی ناسراوی "والی ئەنبار"ی ڕێکخراوەکە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "شەش تیرۆریست، لەوانەش ئەوکەسەی بە والی ئەنباری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ناودەبرێت، لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرخەوە سزای لەسێدارەدانیان بە هەڵواسین بەسەردا سەپێنرا."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سزایانە دوای لێکۆڵینەوە دادوەرییەکانی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا دەرچوون، کە تایبەتە بەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە.

لە مانگی شوباتدا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شانەیەکی "ئاڵۆز"ی داعش لە پارێزگای ئەنبار هەڵوەشێننەوە و ئەبو ئەیمەن الراوی، ناسراو بە والی ئەنباری ڕێکخراوەکە دەستگیر بکەن، ناوبراو "لە کاتی لەبەرکردنی پشتێنەی بۆمبڕێژکراودا، پێش ئەوەی بتوانێت پلەنەکانی جێبەجێ بکات، گیرا."

دۆسیەی لەسێدارەدان لە عێراقدا

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی ئەمنستی نەشنال (Amnesty International) ڕایگەیاندبوو کە کردەوەکانی لەسێدارەدان لە عێراق ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە بەراورد بەو لانیکەم ٦٣ کەسەی لە ساڵی ٢٠٢٤ تۆمارکرابوون، هەرچەندە ژمارەی ڕاستەقینەی ساڵی ٢٠٢٥ بە نەدڵنیایی ماوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دادگاکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٧٩ سزای لەسێدارەدانیان دەرکردووە، کە ئەمەش نیشانەی دابەزینێکی سەدا ٦١ـە بەراورد بەو لانیکەم ٢٠٠ سزایەی کە ساڵی پێشتر تۆمارکرابوون. هەروەها ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە عێراق هێشتا بەردەوامە لە بەکارهێنانی لەسێدارەدان بە هەڵواسین وەک ڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی سزا.

جێی باسە، داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا بە هێرشێکی بەرفراوان دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراقدا گرت و دووەم گەورەترین شاری عێراقی، واتە مووسڵی، کۆنتڕۆڵ کرد و لەوێشەوە "خەلافەت"ـەکەی ڕاگەیاند.

 لە ساڵی ٢٠١٧دا، دوای ئەوەی هێزە عێراقی و کوردییەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕێکخراوەکەیان دەرکرد، "خەلافەت"ە خاکییەکەی تیرۆریستان لە عێراق کۆتایی پێهات.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.