بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای چەند مانگێک لە ڕاگرتنی کارەکانی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان (تەمیز)، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2026، دادگەکە کارەکانی دەستپێکردەوە و سەرجەم دادوەرانی دەستەی باڵا گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
سەرچاوەیەکی باڵای دادوەری لە دادگەی پێداچوونەوە، دەستپێکردنەوەی کارەکانی دادگەکەیان پشتڕاستکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەمڕۆ نووسراو و دۆسیەکان واژۆ کراون. ئەم دەستپێکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، بەهۆی ڕاگرتنی کارەکانی دادگەکەوە دۆسیەی هەزاران هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان پەکیکەوتبوو.
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی کارەکانی دادگەکە لە ڕابردوودا، گەیشتنی سەرۆکی دادگە بە تەمەنی خانەنشینی و رێکاری کارگێڕی بە هۆکاری سەرەکی دانرابوون، ئەمە لە کاتێکدایە پارێزەران ئاماژەیان بە کێشەی سیاسی و ئاستەنگەکانی بەردەم گواستنەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە دادگەی سلێمانییەوە بۆ هەولێر دەکرد.
لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئاستەنگە کارگێڕی و قانونییەکان و چارەسەرکردنی دۆسیەی دادوەرە خانەنشینبووەکان، لەمڕۆوە بەربەستەکان لابران و پرۆسەی دادوەری لە دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەوە.