بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی باڵای دارایی و نەختینە کۆبووەوە و تاوتوێی هەوڵەکانی حکومەتی کرد بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و دارایی، ڕێکوخستنەوەی کاروبارەکان و ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووری.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزم و ڕێکارەکان کراوە بۆ بەدەستهێنانی نەختینە و باشترکردنی سەرچاوە نانەوتییەکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت سەرجەم وەزارەتەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، پابەندی ڕاسپاردەکانی ئەنجومەن ببن بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵات و ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی پێشهات و گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە دروست دەبن.
هەروەها داوای کرد کە تەنیا پشت بە نەوت و داهاتی نەوتی نەبەسترێت، بەڵکو کار و چالاکیی بوارەکانی دیکە پەرەیان پێ بدرێت و سەرچاوەی داهات فرەچەشن بکرێت.