وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمیی ناوەندەکانی خوێندن، وڵاتەکە پێویستی بە دروستکردنی نزیکەی ١٣ هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە، هاوکات ئاشکرای کرد کە هێشتا سەدان قوتابخانە لە کەرهڤانە و بینای قوڕدا دەوام دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند که لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو قوتابخانانەی لە بارودۆخێکی نەگونجاودان، بە جۆرێک کە زیاتر لە هەزار قوتابخانە لە کەرهڤانە یان بینای کۆن و لە قوڕ دروستکراودا وانەکانیان تێدا دەخوەنرێت، کە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی خێرا و هەمەلایەنە هەیە.
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەت، عێراق لە ئێستادا پێویستیی بە دروستکردنی نێوان ١٠ بۆ ١٣ هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە، تاوەکو بە تەواوی کێشەی قەرەباڵغی و کەمیی بینای خوێندن کۆتایی پێ بهێنرێت و ژینگەیەکی گونجاو بۆ قوتابیان دابین بکرێت.