گرژییە سەربازییەکانی ئەم بەیانییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر حەشدی شەعبی لە عێراق، نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان بەرزکردەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوت نزیکەی پێنج دۆلاری چووەتەسەر.
ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم ڕایگەیاند، هێزە ئێرانییەکان چەندین مووشەکی بالیستییان ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا کردووە و سەرجەم مووشەکەکان خرانە خوارەوە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە هێرشیان بۆ سەر چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە عێراق ئەنجام دا، بەمەش ئەو ئارامییە کورتخایەنەی کە نرخی نەوتی هێورکردبووەوە کۆتایی پێهات.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا نیگەرانییەکانی لەسەر هەڵاوسان و گرانبوونی نرخی خۆراک و هاتوچۆ زیاتر کردووە و چاودێران پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا ناجێگیری و گۆڕانکاری خێرا لە نرخەکانی بازاڕی نەوت بەردەوام بێت، چونکە هێشتا دیارنییە پەرەسەندنە سەربازییەکان فراوانتر دەبن یان نا.