لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، 17 ڕێکخراو و دامەزراوەی مافەکانی ژنان و مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە شۆڕشەکە بووەتە وەرچەرخانێکی مێژوویی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ڕێکخراوانەدا هاتووە کە سەڕەڕای هەموو گوشار، سەرکوتکاری و ئاستەنگییەکانی دەسەڵات، بەرخۆدانی گەل و ژنان بە شێوازی جیاواز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و جووڵەی ناڕەزایەتی کۆتایی نەهاتووە.
ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بووەتە وەرچەرخانێکی مێژوویی و هۆشیارییەکی قووڵی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها جەخت لەوە دەکرێتەوە کە گەیشتن بە گۆڕانکاریی دیموکراتی و ڕاستەقینە، تەنیا بە دانپێدانانی فەرمی بە مافەکانی ژنان و ڕەتکردنەوەی تەواوی جۆرەکانی جیاکاری دێتەدی.