سێ دانیشتووی گوندی پاکەڵ لە شاری بەیرە سەر بە پارێزگای ئیلام، لە کاتی چوونە ناو تونێلێکی قوڵ لە شاخەکانی نزیک گوندەکە، بەهۆی گازی ژەهراوییەوە گیانیان لە دەست دا.
ڕووداوەکە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕووی داوە و سەرەڕای هەوڵی خەڵک و تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور بەهۆی قووڵیی تونێلەکە و چڕیی گازەکە، پرۆسەی دەرهێنانی تەرمەکان بە سەختی بەڕێوە چووە.'
لە کاتێکدا لایەنە فەرمییەکان لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری چوونەژوورەوەی ئەو کەسانە دەست پێ کردووە، ناوچە شاخاوییەکانی ئیلام بەهۆی بوونی ئەشکەوت و شوێنەوارەکانەوە زۆرجار دەبنە شوێنکاری گەڕانی نایاسایی کە تێیدا ڕووداوی خنکان بە نەبوونی ئۆکسیجن یاخود بوونی گازی سروشتی تۆمار دەکرێن.