بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەر نیوز، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر برینداربوونی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە، گیانی لەدەست دا.
قوربانییەکە ناوی میلاد تەبەد بووە، تەمەنی ١٨ ساڵ بووە و خەڵکی گوندی گڵێی سەر بە شاری مەریوان بووە.
ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە سنووری دەڕۆکێی مەریوان، لە کاتی کارکردندا لەگەڵ ژمارەیەک کۆڵبەری دیکە، کەوتبووە بەر تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و قورسیی برینەکانی وای لێ کردبوو کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا بمێنێتەوە.
دوای ڕووداوەکە، میلاد تەبەد سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شارەکەی و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە بۆ سەنتەرێکی پزیشکی لە شاری سنە گواسترابووەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان، دواجار بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەری و ئاسەوارە سەختەکانی برینداربوونەکەیەوە کۆچی دوایی کرد.