بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی بەخوڕ و ڕەشەباوە، لە چەند پارێزگایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هۆشداریی ئاستی پڕتەقاڵی درا و داوا لە هاووڵاتییان و کۆچەرییەکان دەکرێت خۆیان لە گەشتکردن بە درێژایی ڕووبارەکان بە دوور بگرن.
ئومێد مووحتەرەمی، گوتەبێژی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، ڕایگەیاند کە بۆ ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە هۆشداریی ئاستی پڕتەقاڵی بۆ چەند پارێزگایەک دەرچووە و مەترسیی دروستبوونی لافاو لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها پارێزگاکانی تەورێز، ئەردەبیل و گیلان بەرزە.
گوتەبێژی ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ئاماژەی بەوەش دا کە بارانی بەخوڕ، لافاو و بای بەهێز دیاردەی سەرەکیی ئەو ناوچانە دەبن، و لەم ماوەیەدا پێویستە دانیشتووان و کۆچەرییەکانی ئەو پارێزگایانە لە کاتی جووڵە و گەشتکردندا خۆیان لە نزیکبوونەوە لە چەم و ڕووبارەکان بە دوور بگرن.