بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ و پێکدادانی نێوان بارهەڵگرێک و دوو ئۆتۆمبێلدا لە سەر ڕێگای ورمێ بۆ سەڵماس، ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و 5 کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوون.
ڕووداوەکە ئێوارەی دوێنێ ڕوویداوە و تیمەکانی فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران بۆ ڕزگارکردنی برینداران بەڵام زۆربەی سەرنشینان گیانیان لەدەستدا و بەشێک لە بریندارانیش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
بە گوێرەی بەرپرسانی مانگی سوور، ئەم ڕووداوە لەمساڵدا خوێناویترین ڕووداوی هاتوچۆ بووە لە پارێزگای ورمێ و بریندارەکانی ڕووداوەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی ڕەوانەی بنکە تەندروستییەکان کراون.
هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ڕێگاوبان و تەسک بوونی ڕێگاکانە کە بە کەمترین لادان دەبێتە هۆی پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئۆتۆمبێلەکان.