لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان بەردەوامن، درەنگانی شەوی ڕابردوو هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانیی بارهەڵگر لە ئاوەکانی گەروووی هورمز لە نزیک کەناری عومان.
دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاوانییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە لە ڕووداوێک لە دووریی 37 کیلومەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی خەسەبی سەربە عومان. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کەشتییەکی بارهەڵگر لەو ناوچەیە کراوەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و دۆخی کەشتییەکە ئاساییە.
هاوکات، ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی ڕایگەیاند، سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان پێویستە پێش تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا، مۆڵەتی فەرمی لە دەسەڵاتدارانی ئێران وەربگرن.