وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستەکانی تاران هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە و مەرجەکانیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و پرسەکانی دیکە ڕوونە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەک لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە کردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە پێشتر بە لایەنی ئەمریکی راگەیەنراوە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی لایەنی ئەمریکی دەکەین، لە ڕێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە پێمان بگەیەنرێت.
عێراقچی گوتوشیەتی، مەرجەکانی وڵاتەکەی لە لایەن رێبەری باڵای ئێرانەوە دەستنیشان کراوە و ئەرکی تیمی ئێرانی گەیاندنی ئەم مەرجانە بوو بە لایەنی ئەمریکی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە راگەیاند و باسی لەوە کرد کە ئەگەر ئەمریکییەکان بەدوای ڕێککەوتن یان چارەسەرێکی ئاشتیانەدا دەگەڕێن، ئەوە ئەوان ئەو چارەسەرەیان خستووەتەڕوو.