وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێدانی ڕێپێدان بۆ هاوردەکردنی بەنزینی دەرکرد، ئەمەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی بەنزین لە بازاڕەکاندا و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش کراوە، داوا کراوە کە لە سەرجەم بازگەکاندا بە بەردەوامی و لە هەموو کاتێکدا ئاسانکاریی تەواو بۆ هاوردەکارانی سووتەمەنی بکرێت؛ ئەمەش بە مەبەستی خێرا گەیاندنی بەنزین بۆ ناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی هاوردەکردنی بەنزین دەبێت بەتەواوی لەژێر چاودێری و پشکنینی تونددا بێت؛
پێویستە ئەو سووتەمەنییەی دێتە ناو هەرێم، بەپێی ئەو ستاندارد و کوالێتییە بێت کە لەلایەن وەزارەتەوە دیاریکراوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕیارەش کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین و دابینکردنی خواست و پێداویستیی بازاڕە وەک پێویست.
ئکردنەوەی دەرگا بە ڕووی هاوردەکردنی بەنزین و تێکەڵکردنی کەرتی تایبەت بەم پرۆسەیە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبێتە هۆی زیادبوونی خستنەڕووی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکاندا.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە دەستبەجێ نرخی بەنزین بەرەو دابەزین و سەقامگیری ببات و کۆتایی بەو قەیرانە کاتییە بهێنێت کە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا دروست ببوو.