دوای گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکوک و ئاڵوگۆڕی پۆستەکان، قایمقامی نوێی ناوەندی کەرکوک لە پشکی کورد دەستبەکاربوو.
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکوک لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم شارە، ئەمڕۆ ئاڤێستا شێخ محەممەد بەشێوەیەکی فەرمیی وەک قایمقامی ناوەندی کەرکوک لە پشکی کورد سوێندی یاسایی خوارد و دەستی بە کارەکانی کرد.
دوای ئاڵوگۆڕی پۆستی قایمقامی کەرکوک کە پێشتر لای پێکهاتەی تورکمان بوو، ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی نوێ شارەکە ڕایگەیاند، "بە هەماهەنگی هەموو لایەک کاردەکەن بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە و پاراستنی فرەیی و بێجیاوازیی خزمەت دەکەن".
ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قایمقامییەتی ناوەندی کەرکوک دوای ئەوەدێت، لە 16ـی ئەم مانگەدا بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی تەقەدوم، پۆستی پارێزگار لە لایەن کوردەوە ڕادەستی پێکهاتەی تورکمان کرا.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، تا کۆتایی ئەمساڵ پۆستی پارێزگار لای پێکهاتەی تورکمان دەبێت و دواتریش دەدرێتە پێکهاتەی عەرەب. هەموو پۆستەکانی پارێزگاریی کەرکوک بەشێوەیەکی خولیی لە نێوان پێکهاتەکاندا ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.