ڕاستەوخۆ

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی کەمکردنەوەی هاوکارییەکانەوە ملیۆنێک ژن و کچ بێبەش بوون لە یارمەتی

reset font size increase font size

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانیی جێندەری و بەهێزکردنی ئافرەتان (UN Women) ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە بەهۆی کەمکردنەوەی پێوانەیی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە، لانی کەم ملیۆنێک ژن و کچ لە ناوچە قەیراناوییەکاندا لە وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییە سەرەکییەکان بێبەش بوون.

لە ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسەکەدا بە ناوی "لەودیو خاڵی شکان" ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتێکدا پێویستییە مرۆییەکان لەسەر ئاستی جیهان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و نزیکەی ١٢٠ ملیۆن ژن و کچ پێویستیان بە پاراستن و هاوکاری هەیە، ڕێکخراوە خۆجێییەکانی تایبەت بە ژنان ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی دارایی بوونەتەوە کە گەورەترین دابەزینی ساڵانەیە لە مێژووی هاوکارییە گەشەپێدانییە فەرمییەکاندا.

ئەم تەنگژە داراییەش دوای بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی ملیارەها دۆلار لە هاوکارییە دەرەکییەکان و کەمکردنەوەی بودجەی هاوکاری لەلایەن چەند وڵاتێکی تری بەخشەرەوە قووڵتر بووەوە.

سۆفیا کالتۆرب، بەرپرسی بەشی چالاکییە مرۆییەکان لە ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: "هەر دۆلارێک کە لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەبڕدرێت، لە ڕاستیدا بڕینی هاوکارییە لەو دایکانەی ئاوارە بوون، ئەو کچانەی لە خوێندن دابڕاون، و ئەو ژنانەی کە ڕزگاربووی توندوتیژیی سێکسین لە کاتی ململانێکاندا."

پوختەی زانیاری و ئامارە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە:

کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان: ٨٤٪ـی ڕێکخراوەکانی ژنان دەڵێن داواکاری لەسەر خزمەتگوزارییەکانیان زیادی کردووە، بەڵام لە هەر ١٠ ڕێکخراو ٩ دانەیان ناتوانن وەڵامی پێداویستییەکان بدەنەوە.

ڕاگرتنی چالاکییەکان: ٤٠٪ـی ئەو ڕێکخراوانەی ڕاپرسییان لەگەڵ کراوە لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، کۆنگۆی دیموکرات و هایتی، لەژێر مەترسیی داخستنی یەکجاری یان کاتیدان لە ماوەی ساڵی داهاتوودا.

توندوتیژیی جێندەری: ٨٦٪ـی ڕێکخراوەکان ئاماژە بە زیادبوونی توندوتیژیی جێندەری دەکەن، لە کاتێکدا ٦٢٪ـی شوێنە ئارامەکانی پاراستنی ژنان بەهۆی بێبودجەییەوە داخراون یان کەمکراونەتەوە.

کارکردنی بێ مووچە: ٦٥٪ـی ڕێکخراوەکان ڕایانگەیاندووە کە ستافەکانیان بەبێ وەرگرتنی مووچە بەردەوامن لە کارکردن تەنیا بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان نەوەستن، و نیوەی ڕێکخراوەکانیش ناچار بوون ناوی ژنان بخەنە لیستی چاوەڕوانییەوە یان ڕەتیان بکەنەوە.

ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات کە ئەم کەمکردنەوەی بودجەیە نەک تەنیا کاریگەریی مرۆیی دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پاشەکشێی گەورە لە مافەکانی ژنان و کەمبوونەوەی بەشداریکردنیان لە پێگەکانی سەرکردایەتیی خۆجێییدا.

 بۆیە داوا لە حکومەتەکان و بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات بەپەلە بودجەی مرۆیی بۆ ئەم ڕێکخراوانە بگێڕنەوە پێش ئەوەی تەواوی پرۆسەکە هەرەس بهێنێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.