کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) ڕایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک گەیاندووەتەوەو پێش سەرهەڵدانی جەنگەکەی ئەمدواییەی ناوچەکە؛ بە شێوەیەک ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنان ٤٣ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە.
کۆمپانیاکە کە پشکەکانی لە بۆرسەی لەندەن تۆمارکراون، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە کێڵگەکەوە لە ٢٤ـی حوزەیرانی ڕابردوو دەستیپێکردووەتەوە و "قەبارەی گشتیی بەرهەمهێنان بە سەرکەوتوویی بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٤٣ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا." ئەمەش لە کاتێکدایە ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە پێش جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، زیاتر لە ٤٤ هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا.
کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک، سامانە سەرەکییەکەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت. کارەکانی ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بەهۆی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیران، کە جەنگەکە شەش هەفتەی خایاند و لە ٨ـی نیساندا ئاگربەستێکی لەرزۆک ڕاگەیەندرا.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە دوای ئەوە هات کە هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، ئەمەش ئاستەنگی بۆ کارەکانی دامەزراوە وزەییەکانی هەرێم دروستکرد و کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر سەرچاوەی داهاتی سەرەکیی کۆمپانیاکە.
لەو کاتەدا، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندبوو کە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی کارمەندەکانی و بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە، بەڵام جەختی کردبووەوە کە زیان بە سامان و بنکەکانی کۆمپانیاکە نەگەیشتووە.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار ئەو هێرشانەیان سەرکۆنە کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە هەرێمەکە لایەن نییە لەو ململانێیەدا، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لەو بانگەشەیەی کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردی ڕۆژهەڵات مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەوان؛ ئەمەش وایکردووە هێرشە سنووبەزێنەکان سەرڕای بوونی ئاگربەستە لەرزۆکەکەش بەردەوام بن.