بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوێکی تێکچوونی ئارامی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ شەوی یەکشەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٦، چەند کەسێک لە گوندی گردەڕەشەی سنووری قەزای خەبات دەستیان کردبوو بە دروستکردنی پشێوی و نائارامی.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە بۆ پاراستنی ئارامیی و ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی گشتی، هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی پشێوییەکەدا هەبووە، بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون.
هەروەها جەخت کرایەوە کە ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێکی دیکەش دەگیرێتە بەر کە بەشداریی لەو رووداوەدا هەبووبێت.