زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند، لە ئەنجامی توێژینەوە و پشکنینێکی تاقیگەیی پێشکەوتوودا، بەهێزیی پێکهاتەی بایۆئەکتیڤ (Bioactive) و تایبەتمەندییە چارەسەرییە بەرزەکانی هەنگوینی سروشتیی هەرێمی کوردستان سەلمێندرا، ئەمەش بەهایەکی زانستیی نوێ بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەخشێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە لە پەیجی فەرمی زانکۆی سەلاحەدین بڵاوکراوەتەوە، توێژینەوە و پشکنینە تاقیگەییە پێشکەوتووەکانی زانکۆکە دەریانخستووە، هەنگوینی سروشتیی هەرێمی کوردستان تەنیا وەک خۆراکێکی تەندروست ئەژمار ناکرێت، بەڵکو بەهۆی دەوڵەمەندیی بە پێکهاتەی بایۆئەکتیڤی بەهێز، خاوەن تایبەتمەندیی چارەسەریی زۆر بەرزە.
زانکۆکە لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئەنجامە زانستییانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە دەکرێت لە داهاتوودا بە شێوازێکی بەرفراوان لە بواری پزیشکی و تەندروستیدا سوود لەم بەرهەمە وەربگیرێت.
ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ ناساندنی زیاتری کوالیتیی هەنگوینی کوردستان و بەرزکردنەوەی بەهای ئابووریی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکانی ناوچەکە و جیهاندا.