لە قەسری شیرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پچڕانی کارەبا لە کاتی لووتکەی گەرما و لەگەڵ تۆمارکردنی پلەکانی گەرمای نزیک لە ٥٠ پلەی سیلیزی، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.
دانیشتووانی ئەو ناوچە سنوورییە گەرمەسێرە ڕایدەگەیەنن کە بڕانی کارەبا لە نێوان کاتژمێر ٩ـی بەیانی بۆ ٧ـی ئێوارە، ژیانی ڕۆژانەی لێ قورس کردوون و تەنانەت ئاوی ناو تانکی و بۆرییەکانیشی بە ڕێژەیەک گەرم کردووە کە شیاوی بەکارهێنان نییە؛
بۆیە داوای پێداچوونەوەی بەپەلە لە پلانی کوژاندنەوەی کارەبادا دەکەن.
ئەم پچڕانە زیانی گەورەی بە بازاڕەکانی پارێزگای کرماشان و بەتایبەت قەسری شیرین گەیاندووە؛ بە جۆرێک لەکارکەوتنی ئامێرەکانی کڕین (پۆس) و تێکچوونی کەلوپەلی ناو سەهۆڵدانەکان، کاسبکارانی ڕووبەڕووی قەیران کردووەتەوە.
هاوژینانی گوندەکانیش دەڵێن دۆخی ئەوان خراپترە، چونکە بڕانی کارەبا دەبێتە هۆی پەککەوتنی پەمپەکان و بڕانی ئاوی خواردنەوەش؛ بەو هۆیەوە داوا دەکەن قەسری شیرین لە پلانی گشتیی کوژانەوەی پارێزگاکە دەربهێنرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە ناچار بە کۆچکردن نەبن.