وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی حاڵەتێکی نوێی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی لە شاری دهۆک ڕاگەیاند، کە تووشبووەکە گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو گەنجەی تووش بووە خەڵکی گوندی "بازێ"یە لە ئیدارەی سۆران و بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوودا نەخۆشییەکەی بۆ گواستراوەتەوە و هاتووەتە نەخۆشخانەکانی دهۆک.
دوای ئەنجامدانی پشکنین و ڕێکارە پزیشکییەکان، تووشبوونی بە نەخۆشییەکە پشتڕاست کراوەتەوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریدایە و باری تەندروستیی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا تەنیا سێ حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون.
هاوکات وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان و بەخێوکارانی ئاژەڵ دەکات کە لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی گومانلێکراو لەسەر خۆیان یان ئاژەڵەکانیان، بەخێرایی تیمەکانی ڤێترنەری و نەخۆشخانەکان ئاگادار بکەنەوە.