ڕاستەوخۆ

کیکۆ فوجیمۆری بە فەرمی وەک دووەم سەرۆکی ژن لە مێژووی پێرۆدا ڕاگەیەندرا

reset font size increase font size

دوای چەندین هەفتە لە خۆپێشاندان، تۆمەتی ساختەکاری و پێداچوونەوە بە دەنگە ناکۆکەکان لە کێبڕکێیەکی زۆر توند و نزیکدا، نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی پێرۆ بە فەرمی کیکۆ فوجیمۆری پارێزگارانی وەک براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە ڕاگەیاند، بەمەش دەبێتە دووەم ژن لە مێژووی ئەو وڵاتە لاتینییەدا کە دەگاتە کۆشکی سەرۆکایەتی.

بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان، فوجیمۆری لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کە لە 7ی حوزەیراندا بەڕێوەچوو، 50.135٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە چوارەمین هەوڵی مێژوویی خۆیدا بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات سەرکەوتنی تۆمارکرد؛ 

لە بەرامبەردا ڕۆبێرتۆ سانچێزی پەرلەمانتاری چەپڕەو 49.865٪ی دەنگەکانی هێنا، کە جیاوازیی نێوانیان تەنیا نزیکەی ٥٠ هەزار دەنگ بوو لە کۆی 18 ملیۆن دەنگ.

فوجیمۆری لە بنکەی سەرەکیی پارتەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ سەرەتای سەردەمێکی نوێیە بۆ پێرۆ؛ سەردەمی بەرپرسیارێتی، دیالۆگ و بەدەستهێنانی ئەنجام بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانمان."

پاشخانی سیاسی و ململانێ نێوخۆییەکان

ئەم سەرکەوتنە مێژووییەی فوجیمۆری پێچەوانەی ساڵی2021بوو کە تێیدا بە جیاوازییەکی کەم و بە نزیکەی 45 هەزار دەنگ بە پێدرۆ کاستێلۆی سەرۆکی پێشووی چەپڕەو دۆڕا، کە دواتر کاستێلۆ لە ساڵی2022دا بەهۆی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لادرا و زیندانی کرا؛

 دوابەدوای ئەوەش دینا بۆلوارتی وەک یەکەم ژنە سەرۆک لە مێژووی پێرۆدا دەسەڵاتی گرتەدەست.

ڕۆبێرتۆ سانچێز، کە وەک میراتگری سیاسیی کاستێلۆ دەبینرێت، ڕایگەیاندووە کە دانی پێدا نەنێت و بەبێ خستنەڕووی بەڵگە، تۆمەتی ساختەکاریی ئاڕاستەی پرۆسەکە کردووە.

 سانچێز بەهۆی دەنگی ناوچە گوندنشینەکانەوە لە سەرەتای جیاکردنەوەی دەنگەکاندا لەپێشەوە بوو، بەڵام دەنگی دانیشتووانی لیمای پایتەخت و دەنگی پێرۆییەکانی دەرەوەی وڵات، فوجیمۆرییان بەرەو سەرکەوتن برد.

ئاستەنگەکانی بەردەم سەرۆکی نوێ و مێژووی بنەماڵەکەی

بنەماڵەی فوجیمۆری تاوەکو ئێستاش لە پێرۆدا جێی مشتومڕێکی قووڵن، کیکۆی تەمەن 51 ساڵ، کچی ئەلبێرتۆ فوجیمۆری سەرۆکی کۆچکردووی پێرۆیە 1990-2000) کە بە پیاوی ئاسنین دەناسرا.

ئەگەرچی باوکی بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤەوە16ساڵ زیندانی کرا و خۆشی لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 وەک ژنە سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن چەندین جار بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی خرایە زیندان و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، بەڵام دواجار ساڵی ڕابردوو تۆمەتەکانی لەسەر لادران.

کاتێک فوجیمۆری لە28ی تەممووزدا دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەبێتە 10یەمین سەرۆکی پێرۆ لە ساڵی 2016وە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیریی قووڵی سیاسی لەو وڵاتەدا.

ئێستا ئەرکی سەرەکیی ئەو وەک دووەم سەرۆکی ژن لە مێژووی وڵاتەکەدا، یەکخستنەوەی نەتەوەیەکی تەواو دابەشبوو، چاککردنی ئابووری و مامەڵەکردنە لەگەڵ پەرلەمانێکی پارچەپارچەبوو کە پارتەکەی سانچێز دووەم گەورەترین بلۆکە تێیدا.

پێشوازیی سەرکردە ڕاستڕەوەکان و ترەمپ

سەرکەوتنی ئەم ژنە سەرکردەیە وەک بەشێک لە وەرچەرخانی ئەمریکای لاتین بەرەو ڕاستڕەوی دەبینرێت.

سەرکردە ڕاستڕەوەکانی ناوچەکە وەک خافێیەر میلای لە ئەرژەنتین، خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست لە چیلی و نایب بوکێلێ لە ئێلسالڤادۆر پیرۆزباییان لێکرد.

هاوكات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چاوەڕوانی قووڵکردنەوەی هاوکارییەکانی دەکات لەگەڵ پێرۆ لە بوارەکانی ئاسایش، وەبەرهێنان و بازرگانیدا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.