عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامێکی نوێدا کە ئاڕاستەی کارمەندانی ڕۆژنامەی "کۆمۆناڵ"ی کردووە، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ستراتیژی بزووتنەوەکەیدا ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە قۆناغی شەڕی چەکداری و بەرنامەی کۆنی حیزبەکە کۆتایی هاتووە و ئێستا کاتی پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراتیک و بونیادنانی کۆمەڵگەیە.
ئۆجالان لە پەیامەکەیدا کە لە ژمارەی مانگی تەممووزی ٢٠٢٦دا بڵاوبووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە لە دوایین کۆنگرەی خۆیدا (کۆنگرەی ١٢) بە تەواوی کۆتایی بە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی پێشووی هێناوە، ئەمەش بەواتای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە دێت کە لەسەر بنەمای "شەڕی ڕزگاریخوازی نیشتمانی" و بەرنامەی ڕیال-سۆسیالیستی دامەزرابوو.
داخستنی سەردەمی پەکەکە و گۆڕینی پارادایم
لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لەگەڵ بڵاوکردنەوەی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، بڕیار درا کە کۆتایی بەو پارتە بهێندرێت کە خاوەن پرۆگرامی پێشوو بوو. کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە قۆناغی پەکەکەی داخست، ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە لە مێژوودا کە تێیدا تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیک گەشەیان پێدەدرێت."
ئۆجالان ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات کە ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکاڵە لە پێناو گۆڕینی سیستمی دەوڵەتگەرایی و دەسەڵاتخوازییە بۆ پارادایمێکی نوێ کە بنەماکانی لەسەر "کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژن" دامەزراوە.
سەردەمی نوێ؛ سەردەمی کۆمۆن و ئەنجومەنەکان
لە درێژەی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان تیشک دەخاتە سەر گرنگیی کاری پراکتیکی و ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ژیانی بەکۆمەڵ (کۆمۆناڵی)؛ ئەو داوا لە میدیا و دامەزراوەکان دەکات کە لەبری تەنیا تیشکخستنە سەر باسی تیۆری، زیاتر گرنگی بە ڕێکخستنی پراکتیکیی کۆمەڵگە بدەن.
ئۆجالان دەڵێت: "پێویستە هێڵی ڕاگەیاندن و کارکردن لەسەر بنەمای خۆڕێکخستنی گەل، کۆمۆنەکان، ئەنجومەنەکان، کۆپەراتیڤەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان بێت، چونکە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا لە ڕێگەی ئەم پێوەندییە ڕێکخراوانەی ناو ژیانی ڕۆژانەوە گەشە دەکات و جێگیر دەبێت."
پێشەنگایەتیی ژنان بۆ بەردەوامیدان بە ڕوحی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"
لە بەشێکی پەیامەکەیدا ڕێز لە خەباتی ئەو ژنە تێکۆشەرانە دەگرێت کە گیانیان بەخت کردووە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی درێژە بە ڕوحی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بدرێت، ژنان لەم قۆناغەدا بوونەتە پێشەنگی سەرەکیی گۆڕانکارییەکان.
پێویستە ژنان بە فیکر و فەلسەفەیەکی قووڵەوە، خۆیان بکەنە دەنگی ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەیەوێت لەژێر چنگی ستەم و داگیرکاری ڕزگاری ببێت."
ئۆجالان هۆشداری دەدات کە لەم سەردەمە نوێیەدا، ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنان تەنیا گۆڕانکاریی تیۆری نییە، بەڵکو دەبێت لە ناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی گەلدا، لە ناو کۆمۆن و ئەنجومەن و کۆپەراتیڤەکاندا، سیستمی خۆڕێکخستنی ژنان پەرە پێبدرێت؛
چونکە بە گوتەی ئەو، کۆمەڵگەی ئازاد تەنیا لە ڕێگەی ئازادبوونی ڕاستەقینەی ژنانەوە مسۆگەر دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدوڵا ئۆجالان دەرچوونی ئەم ڕۆژنامە نوێیەی کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی کۆمۆناڵی و ئازادیی ژن دامەزراوە، لە تەواوی گەلان و بەتایبەتی لە ژنان و گەنجان پیرۆز کرد و هیوای خواست ببێتە هێزێکی ڕێ پیشاندەر بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک.
