ڕاستەوخۆ

تورکیا ناوچەی عەلەوییەکانی باکوری کوردستان دەکاتە شوێنی بازرگانی

لە شارۆچکەی پولوری سەر بە پارێزگای دێرسیمی باکوری کوردستان، بەربژێرکردنی گوندی زیارەت بۆ لیستی باشترین گوندی گەشتیاریی جیهان، کاردانەوەی توندی لێ دەکەوێتەوە و بە هەوڵێک بۆ لەناوبردنی ڕەسەنایەتی ئایینی عەلەوی پێناسە دەکرێت

reset font size increase font size

گوندی زیارەت، کە کانییەکانی مونزور باوای لێیە و یەکێکە لە پیرۆزترین ناوەندەکانی باوەڕی عەلەوی، لە لایەن وەزارەتی کلتوور و گەشتیاری تورکیاوە بۆ لیستی ساڵی 2026ی ڕێکخراوی گەشتیاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەربژێر کراوە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت لە ساڵانی ڕابردودا بەهۆی پڕۆژەکانی پەیساز و دروستکردنی مزگەوت لە ناو جەرگەی شارۆچکەکەدا، سیمای سروشتی و ئاینیی شوێنەکە گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە.

زەینەل کەتە، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییە دیموکراتەکان (داد)، لەبارەی ئەم هەنگاوەوە بە ئاژانسی میزۆپۆتامیای ڕایگەیاند: "گۆڕینی شوێنێکی خوداپەرستی بۆ ناوەندێکی گەشتیاری، هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ بێدەنگکردنی ناسنامەی عەلەوییەکان".

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییە دیموکراتەکان گوتویەتی: "ئەمە جۆرێکی جیاوازی پاکتاوی کولتوورییە. شوێنە پیرۆزەکانی ئێمە تەنیا بۆ گەشتوگوزار نین، بەڵکو ناوەندی بنیاتنانی ئەخلاق و ناسنامەی کۆمەڵایەتین، بۆیە بە هیچ شێوەیەک بەم بڕیارە ڕازی نین".

زەینەل کەتە ڕاشیگەیاند: "لە باوەڕی ئێمەدا زەوی موڵک نییە و خاوەن ڕوحە، بەڵام دەسەڵات دەیەوێت بە ناوی 'باشترین گوند' ئەم شوێنانە بکاتە ناوەندی بازرگانی. ئەگەر وەزارەت ڕاستگۆیە، با بچێت ئەو قەڵا و شوێنەوارە مێژووییانەی دێرسیم و ئامەد چاک بکاتەوە، کە خەریکە دەڕووخێن، نەک دەستکاری پیرۆزییەکانی ئێمە بکات".

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییە دیموکراتەکان جەختی لەوەش کردەوە، دروستکردنی مزگەوت و سەپاندنی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات لەو ناوچانەدا، خزمەت بە ئیسلام ناکات بەڵکو تەنیا بۆ تواندنەوەی گەلی کورد و عەلەوییەکانە و گوتیشی: "هەر کارێک بەبێ ڕەزامەندی پیرانی دێرسیم و خەڵکەکەی بکرێت، لای ئێمە پووچ و بێبایەخە.

بەگوێره‌ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوچەی کانییەکانی مونزور بە یەکێک لە گرنگترین شوێنە ئایینییەکانی "ڕێی هەق" دادەنرێت، بەڵام لە 10 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پڕۆژە جیاوازەکانی حکومەتەوە، بەشێکی زۆری ژینگە و مۆرکە کۆنەکەی زیانی بەرکەوتووە و گۆڕدراوە بۆ ناوچەیەکی بازرگانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.