هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو هاووڵاتیی تەمەن گەنجی کوردیان لە شارەکانی سنە و دەرەشار دەستگیر کرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانیش زیاتر لە دوو هەفتەیە لە ژێر لێکۆڵینەوە و گوشاری تونددا ڕاگیراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی دەرەشار لە پارێزگای ئیلام بە ناوی ماهان سەیفی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەیی سەبارەت بە گرانی و هەڵئاوسانی ئابووری لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها مۆنا مەلەکی، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی سنە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرکردنی، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی بەشی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنەدا ڕاگێراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوە و گوشاری توندایە.
باوکی مۆنا و بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە، کە دوای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم ژنە چالاکوانە، هێشتا لە مافی هەبوونی پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترسی قووڵی بنەماڵەکەی لەسەر تەندروستی و چارەنووسی مۆنا مەلەکی.