ڕاستەوخۆ

جەژنی چلەی هاوینی ئێزدییەکان؛ ڕێوڕەسمی پیرۆز لە لالش و هاوکات لەگەڵ یادی کۆمەڵکوژیی شنگالدا

reset font size increase font size

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ی ئابی 2022)، پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لە کوردستان و جیهان جەژنی "چلەی هاوین" دەگێڕن و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە باوەڕدارانی ئێزیدی لە پەرستگەی لالش بەڕێوە دەچن.

چلەی هاوین یەکێکە لە بۆنە و جەژنە کۆن و ئایینییەکانی ئێزیدییەکان، کە تێیدا چەندین کۆمەڵە ڕێوڕەسمی تایبەتی ڕۆحی و فەرهەنگی ئەنجام دەدرێن.

ناوەڕۆکی جەژنی چلەی هاوین چییە؟

ئەم جەژنە ماوەی چل ڕۆژی هاوین لەخۆ دەگرێت و کۆتاییەکەی بە ڕێوڕەسمی تایبەت دیاری دەکرێت.

بە گوێرەی نەریتە ئایینییەکان، لەم بۆنەیەدا چەندین دابونەریتی پیرۆز جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش:

تێپەڕین لە پردی سیڕات: هەر سەردانکەرێکی ئێزدی کە دەچێتە پەرستگەی لالش، پێویستە بەسەر پردی سیڕاتدا تێپەڕ ببێت.

پاکبوونەوە لە کانی سپی: باوەڕمەندان لە حەوزی کانی سپیدەست و دەموچاوی خۆیان دەشۆن و خۆی پاک دەکەنەوە.

زیارەتکردنی مەزارە پیرۆزەکان: زیارەتکردنی کانی سپی، دەرگای قاپی، زەمزەم، سندریک (تابووت)ی شێخادی، بەری شەباک، نیشانگە و مەزاری لالش.

هەڵکردنی چراکان و سەما: هەموو ئێوارەیەک چرای ئاقد (مەزاری گەورە پیاوان) و نیشانگە تایبەتەکان هەڵدەکرێن و ڕێوڕەسمی سەمای تایبەت بەڕێوە دەچێت.

ڕێوڕەسمی قنتار: ئەم ڕێوڕەسمە بەکۆمەڵە و ڕۆژانە دوو جار، لە بەری بەیانیان و دەمەوئێواران، ئەنجام دەدرێت.

مۆرکردن و ڕازاندنەوە: ئەو ئێزدییانەی لە ئاوی کانی سپیدا مۆر نەکراون، مۆر دەکرێن؛ هەروەها سەردەرانی پەرستگەی لالش دەڕازێنرێنەوە و هێمای تاووس جوان دەکرێت.

هاوکاتبوونی جەژن لەگەڵ یادی جینۆسایدی شنگالدا

جهوهر عەلی بەگ، وەکیلی میری ئێزدییان، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ جەژنی چلەی هاوین لەگەڵ ساڵوەگەڕی جینۆسایدی شنگالدا یەکگرتووەتەوە.

ناوبراو هیواخواست کە لەم یادە خەمناکەدا، خەڵکی ئێزدی بە دڵی خۆشەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و خێر و خۆشی ڕوو لە کۆمەڵگەی ئێزیدی بکات.

پەیامەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت بە بۆنەی جەژنی چلەی هاوینەوە

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا بەگەرمی پیرۆزبایی لە جەنابی میری ئێزدییان، بابەشێخ، جڤاتی ڕووحانی و گشت هاونیشتمانییانی ئێزدی کرد و هیواخواز بوو ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمووان.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا بە ئێزدییان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە و ڕایگەیاند:

"هاونیشتمانییانی ئێزدی و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هەر بە لانکەی پێکەوەژیان و وڵاتی هەمووان بێ جیاوازی دەمێنێتەوە، هەروەها هەمیشە پارێزەری کولتووری فرەڕەنگی دەبین."

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خوشک و برا ئێزدییەکان کرد و وێڕای خواستنی ڕۆژێکی پڕ لە تەناهی و خۆشی بۆیان، جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی حکومەت بۆ ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەی ئێزدی کردەوە.

لە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە:

"هیڤیا پاشەڕۆژەکا باشتر بۆ خوشک و برایێن ئێزدی دخوازم و وەک هەر گاڤ پشتەڤانێ ماف و داخوازییێن وانم. جەژنا چلێ ھاڤینێ پیرۆز بیت و هەر دخۆشیێدا بن."

پەیامی مەسعود بارزانی

 بە بۆنەی جەژنی چڵێ هاوینەوە، بە تایبەت ئەنجومەنی ڕوحانی و پیاوە ئاینییەکان، جەژنی سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە دڵەوە پیرۆز دەکەم.

 هیوادارم خوشک و برایانی ئێزیدیم هەموو جەژن و بۆنە تایبەتەکانیان لە ناو ئارامی، ئەمنییەت و خۆشگوزەرانیدا بەسەر ببەن. جەژنتان پیرۆز بێت؛ ڕۆژگەلێکی پڕ لە تەندروستی و بەختەوەری بۆتان دەخوازم."

 

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.