بەیانیی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنیی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دەستبەجێ سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان چالاک کرا.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئامانجی سەرەکیی درۆنەکان بنکەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە ناو فڕۆکەخانەکەدا.
هێرشەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 10ی بەیانی ئەنجام درا و درۆنەکان لە ئاسمانی شاری هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانە بینران. لە ئەنجامی چالاکبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، دووکەڵ لە دەوروبەری ناوچەکە بەرز بووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی وردی درۆنە بەکارهێنراوەکان ڕانەگەیەندراوە.
بە گوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە تۆمار کراون، درۆنەکان بە بەرزییەکی نزم فڕیون و لانیکەم یەکێکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە لە ئاسماندا پێکراوە و خستراوەتە خوارەوە، بەپێی ئامارە بەراییەکان درۆنەکە لە جۆری بۆمبڕێژکراوی ئێرانی بووە.
بەهۆی ڕووداوەکەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیران و دواتر بە شێوەیەکی ئاسایی دەستیان پێ کردەوە.