ئەمڕۆ 24ی تەممووزی 2026، ڕێک 103 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، کە لە 24ی تەممووزی ساڵی 1923 لە شاری لۆزانی سویسڕا واژۆ کرا و بووە سەرەتای ڕەخساندنی زەمینە بۆ قووڵبوونەوەی سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا.
لە سایەی ئەم پەیماننامەیەدا، خاکی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەدا دابەش کرا و کورد وەک کەمینەیەکی بێماف پێناسە کرا. هەروەها ناپەیوەستیی ناوخۆیی و یەکنەگرتوویی سەرکردایەتیی کورد لەو سەردەمەدا وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێبەشبوونی کورد لە مافە ڕەواکانی و پەرەسەندنی سەرکوتکارییەکان ئاماژەی پێ دەکرێت.
ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە سەرەتایەکی مێژوویی بوو بۆ دەستپێکردنی کۆمەڵکوژی و جێبەجێکردنی سیاسەتی داپڵۆسێنەر دژی گەلی کورد، کە ڕاستەوخۆ بووە هۆی سەرکوتکردنی شۆڕش و ڕاپەڕینە ڕەواکانی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەوانەش شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری.