وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیپێدانی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری و زیادکردنی بڕەکەی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند.
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بینای بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە سەرپەرشتی ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و لێپرسراوی بەرهەمە نەوتییەکانی سلێمانی درا، کە تیایدا تاوتوێی هەنگاوەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەت جەختی لەسەر زیادکردنی پشکی بەنزینی حکومی کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد چاودێرییەکی وردی پرۆسەکە بکەن بۆ دابینکردنی بەنزینی پێویست و کوالێتی باش بۆ هاووڵاتییان.