وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بڕی 830 ملیار و 782 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی تەمویلەکە کەم کردووەتەوە.
هاوکات بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار کە تایبەت بووە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینان نەنێردراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، وەزارەتی دارایی مووچەخۆران دڵنیا دەکاتەوە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش، بەمزوانە لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.