پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ناوەندی کلتوریی نازم حیکمەت لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی پێکرد.
لە کۆنگرەکەدا، جگە لە ئەندامانی پارتەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانیش ئامادەن. بە گوێرەی بەرنامەی کاری کۆنگرەکە، تولای هاتیمۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی گوتاری دەستپێک دەخوێننەوە و دوای گوتارەکانیشیان، کارەکانی کۆنگرە بە دوور لە چاوی میدیاکان و بە داخراوی بەردەوام دەبێت.
پێشبینی دەکرێت هاوسەرۆکانی ئێستا (تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغوڵاری) بۆ خولێکی دیکە بە هاوسەرۆک هەڵبژێردرێنەوە. چاوەڕێ ناکرێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ناو، پەیڕەوی ناوخۆ یان بەرنامەی سیاسیی پارتەکەدا بکرێت، تەنیا هەندێک گۆڕانکاریی سنووردار لە ئەنجومەنی بەڕێوەبری ناوەندی و ئەنجومەنی پارتەکەدا ئەنجام دەدرێن.