دادوەرێکی فیدراڵی لە مانهاتن بڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی 75 وڵات هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە دژ بە یاسا و لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا بووە.
لە مانگی کانونی دووەمدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێدانی ڤیزای کۆچبەری بۆ نزیکەی 40٪ـی وڵاتانی جیهان - لەوانەش بەڕازیل، کۆڵۆمبیا، میسر، هایتی، سۆماڵیا و ڕووسیا - ڕاگرت، بەو ناوی گوایە ڕێگری لە هاتنی ئەو کەسانە دەکات کە پشت بە یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانی حکومەت دەبەستن.
دادوەر جێنێت ڤارگاس لە دادگای ناوچەیی فیدراڵی لە مانهاتن، ڕەخنەی لە پاساوەکانی وەزارەتی دەرەوە گرت و سەرجەم ڕەتکردنەوەکانی ڤیزای کە لەسەر ئەو بنەمایە کرابوون هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش گورزێکی نوێ بوو لە هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ توندترکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچبەری.
زۆرینەی ئەو 75 وڵاتە ناوچەکانی کاریبی، ئەفریقای ژێر سەحرا، باڵکان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، کە چەندین هاوبەشی ئەمریکاش لەنێویاندا هەن وەک ئوردن، میسر و جۆرجیا.
ئیدارەی ئەمریکا دەتوانێت تانە لەم بڕیارە بدات و دادوەرەکەش کاتی تا 11ی ئەیلوول دیاریکردووە بۆ ئەوەی هەردوولا پێشنیارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی بەشەکانی تری دۆسیەکە پێشکەش بکەن.