ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، سیسیل کۆهلەر و ژاک پاریس دوای سێ ساڵ و نیو دەستبەسەرکردن لە ئێران، ئازاد کراون و لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ فەڕەنسا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دوو هاوڵاتییە بەرەبەیانی سێشەممە لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا و لە چوارچێوەی کاروانێکی دیپلۆماتیدا خاکی ئێرانیان جێهێشتووە و ئێستا لە کۆماری ئازەربایجانن.
کۆهلەر و هاوژینەکەی لە مانگی پێنجەمی 2022دا بە تۆمەتی هاندان بۆ ناڕەزایەتیی کرێکاری دەستبەسەرکرابوون، بەڵام خێزانەکانیان ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردبووەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئازادکردنی ئەم دوو هاوڵاتییەی فەڕهنسا لە بەرانبەر ئازادکردنی مەهدیە ئەسفەندیاری و کشانەوەی سکاڵاکان دژی ئێران بووە لە دادگای نێودەوڵەتیی داد.
مەهدیە ئەسفەندیاری، خوێندکارێکی ئێرانی بوو لە شاری لیۆنی فەڕەنسا، بە تۆمەتی "پەرەپێدانی تێرۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" دەستبەسەرکرابوو.
سیسیل کۆهلەر و ژاک پاریس ماوەی سێ ساڵ و نیو لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران دەستبەسەر بوون.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) ئاشکرایکرد، ئازادکردنی دوو هاووڵاتییە فەرەنسییەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی دوولایەنەدا بووە، لە بەرانبەردا فەرەنسا هاووڵاتییەکی ئێرانی ئازاد کردووە و سکاڵایەکی یاسایی دژی تاران لە دادگای نێودەوڵەتیی داد کێشاوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئازادکردنی سیسیل کۆهلەر و جاک پاریس کە بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستبەسەر بوون، هەنگاوێکی بەرانبەر بووە لە بەرانبەر ئازادکردنی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی مەهدیە ئیسفەندیاری.