مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتن بە ئەرکەکەی سەردانی کردبوو، لە دیدارەکەشدا کونسوڵی ڕووسیا ئەزموونی کارکردنی خۆی لە هەرێمی کوردستان بە نموونەیی وەسف کرد.
بەپێی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا ماکسیم رۆبین پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پەرەپێدانی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی کوردستان و ڕووسیا دەربڕی و سوپاسی سەرۆک بارزانی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا هاوکار و یارمەتیدەری بوون لە سەرخستنی کارەکانیدا.
هەروەها کونسوڵی گشتیی ڕووسیا جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بۆ ڕووسیا پێگەی تایبەتی هەیە و هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکەدا.
لەلای خۆیەوە، بارزانی سوپاسی ڕۆڵی کۆنسووڵی گشتیی ڕووسیای کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەشدا جەخت لەسەر پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ڕووسیا و بەردەوامی و قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکان کرایەوە.