ڕاستەوخۆ

ئەنجومەنی وەزیران: دەبێت مووچە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لە بودجەی 2027ـدا لە خەرجییە سیادییەکاندا جێگیر بکرێت

reset font size increase font size

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا داوای کرد لە بودجەی ساڵی 2027ـی عێراقدا مووچە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا جێگیر بکرێن، هەروەها ماوەی داشکاندنی قەرزی کارەباش تاوەکو 18-10-2026 درێژ کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دا و تێیدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، داشکاندنی قەرزەکانی کارەبا و ڕێکخستنی چالاکییە ئابوورییەکان تاوتوێ کرد.

پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و خەرجییە سیادییەکان

 لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەستکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانییە و ئامانجی دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانییە بۆ بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد کە لە دانوستانەکانی بودجەی 2027ـدا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی مووچە، دەرماڵە و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە خەرجییە سیادییەکاندا، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ، بەو پێیەی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

 هەروەها سوپاسی هاوپەیمانان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کرا بۆ هاوکاریکردنی پرۆسەکە.

درێژکردنەوەی ماوەی داشکاندنی قەرزی کارەبا

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی جێبەجێکردنی بڕیاری داشکاندنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبای تاوتوێ کرد. بەمەبەستی سووککردنی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان و زیادکردنی توانای داراییی وەزارەتی کارەبا بۆ کڕینی غاز و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی کارەبا تاوەکو 18-10-2026 درێژ بکرێتەوە.

جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان

 لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر دەستپێکردنی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، بە شێوازێک کە تەواوکاری یاسای کۆمپانیاکان بێت و ژینگەی بازرگانی و ئابووریی هەرێم لەگەڵ عێراقدا هەماهەنگ بكات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.