بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار دەکاتەوە کە نابێت فشار لە قوتابیان و خوێندکاران بکەن بۆ پۆشینی جلوبەرگی دیاریکراو، و مۆڵەتیشیان پێ دەدات تاوەکو 10ـی تشرینی یەکەمی 2026 جلوبەرگەکانیان دابین بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی گشتاندنێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکە کراوە، داوا کراوە باخچەی منداڵان، قوتابخانە و خوێندنگەکان بە هیچ شێوەیەک فشار لە قوتابیان نەکەن بۆ پۆشینی جلوبەرگی دیاریکراو.
لە نووسراوەکەدا کە بە واژووی نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەت دەرچووە، هاتووە کە پێویستە کات بدرێتە قوتابیان تاوەکو ڕێکەوتی 10-10-2026.
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارەش، پەروەردەی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە که ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە دروستبوونی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکاندا، هەروەها بۆ ئەوەی خێزانی قوتابیان لە کڕینی جلوبەرگدا تووشی بارگرانیی دارایی نەبن و زەرەرمەند نەبن.