ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هەرانا) دەڵێت، سنوردارکردنی ئینتەرنێت و بەردەوامی جەنگ، بووەتە جێگەی نیگەرانیی لای کرێکاران و قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی بێکاری لە ئێران.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی هەرانای ئێرانی، کێشەی دارایی و هاوکارینەکردنی حکومەت لە پشتیوانیکردنی هاوڵاتییان بووەتە هۆکاری زیاتری قوڵبوونەوەی قەیرانی بێکاری.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرقی ئێرانیش، زۆربەی ئەو کەسانەی لە کەرتی بازرگانی ئۆنڵاین ،فڕۆکەوانی، کتێب فرۆشی، ئەندازیاریی و ڕۆژنامەنووسیدا کارییان دەکرد، ناچارکراون واز لە کارەکانیان بهێنن، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە هێشتا موچەی مانگی پێشووتریان وەرنەگرتووە.
ئاماژە بەوەشدەکات، زۆربەی کۆمپانیا تەکنەلۆجیاکانیش بەهۆی سنوردارکردنی ئینتەرنێت تووشی زیانی گەورە بوون، هاوکات سنوردارکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پشتیوانیکردنی بێکاران و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرجەم کەرتەکانی ژیان، وایکردووە قەیرانەکە بچێتە دۆخێکی مەترسیدارتر.
بەهۆی هەڵاوسان و سەپاندنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان بەرۆکی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی گرتووە، ئەم دۆخەش بە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو دۆخێکی مەترسیدارتر هەنگاوی ناوە.