یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە 22ی ئایاری ئەمساڵدا، لە گوندی تۆسۆرانی سەر بە مەریوان، کەسێکیان بە ناوی (ئومێد وەشکەلانی) سزا داوە، یەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزە هەرێمییەکانییەوە ئەنجامدراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئومێد وەشکەلانی وەک کۆنترا پۆلێن کراوە و تۆمەتبار کراوە بەوەی بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانی کردووە. یەرەکە دەڵێت: "ئەم کەسە لە ناوچەکەدا کاری بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەری ئەنجام دەدا و دەستدرێژیی دەکردە سەر بەها وڵاتپارێزییەکانی گەل". هەروەها ئاماژە بەوە کراوە ناوبراو لە میدیا دیجیتاڵەکاندا بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ ڕژێم نیشان داوە و پاڵپشتییەکانی بۆ هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان بەکار هێناوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا هاتووە، سەرەتا هەندێک لایەنی دیکە ویستوویانە بەرپرسیارێتیی ئەم سزادانە بگرنە ئەستۆ، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆیان دەرکەوتووە چالاکییەکە هی هێزەکانی ئەوانە. یەرەکە جارێکی دیکە هۆشداریی دایە هەموو ئەو کەسانەی هاوکاریی داگیرکەران دەکەن یان دەستیان بە خوێنی تێکۆشەران سوورە و ڕایگەیاند: "هەر کەسێک لەو چوارچێوەیەدا بێت، دەبێتە ئامانجی هێزەکانمان".