وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی ناردنی مووچەی مانگی ئایار و دەستپێکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی 50 ملیار دیناری وەک نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار پێش وەختە و لە ڕێکەوتی 25ی ئایاردا خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی فیدراڵ، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 80 ملیار دینار کەمتر لە کۆی تەمویلی پێویستی ناردووە. وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بڕی 890 ملیار و 502 ملیۆن دیناری ناردووە، لە کاتێکدا تەمویلی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئایار بڕی 970 ملیار و 741 ملیۆن دینار بووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بەر لە جەژن شایستەکانیان وەربگرن، بڕیاریان داوە ئەو کورتهێنانەی دروست بووە لە ڕێگەی قەرزەوە پڕ بکەنەوە. پڕۆسەی دابەشکردنەکەش لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەم شێوەیەی خوارەوە دەست پێ دەکات:
-
ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن، دەتوانن لە کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆوە سەردانی بانکەکان بکەن.
-
ئەو کەسانەی لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆوە دەتوانن لە ئامێرەکانی (ATM) پارەکانیان ڕابکێشن.
-
دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی جەژنیشدا لە کاتژمێر 10ی بەیانییەوە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، سەرجەم بانک و گەنجینەکانی ڕاسپاردووە تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا بەردەوام بن، تاوەکو هیچ مووچەخۆرێک بێبەش نەبێت. هەر فەرمانبەرێکیش نەتوانێت لەو سێ ڕۆژەدا مووچەکەی وەربگرێت، دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام سەردانی بانکەکان بکات.